وتوو وێژ له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند "خه‌لیل سه‌عیدی"

کاک خه‌لیل تکایه خۆتان به خوێنه‌ران بناسێنه؟
من خه‌لیلی سه‌عیدی ، 15 گه‌لاوێژی ساڵی 1350 هه‌تاوی له گه‌ره‌کی "کازمخانی" شاری
سه‌قز له دایک بوم و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌شت که‌سیدا گه‌وره‌بوومه که هه‌ر
هه‌موویان به کچ وکوره‌وه ده‌نگیان خۆشه وچوینه‌ته‌وه سه‌ر دایکمان و ته‌نانه‌ت
براگه‌وره‌که‌م که کاک عوسمانه ده‌نگی زۆرخۆشه‌و سه‌رده‌می خۆی له
قوتابخانه‌کاندا له گه‌ڵ مامۆستاکانی راهێنانی هونه‌ری چالاکی زۆری بوه که
به‌داخه‌وه خۆی پێی خۆش نه‌بوه درێژه‌ی پێ‌بدا.
ئێستا به چیه‌وه سه‌رقاڵی و له هه‌ندێک له گۆرانی
یه‌کانت ونووسراوه‌کانت بدوێ بۆمان؟
زیاتر له ده‌گۆرانی یه‌ک دوو ساڵ له‌وه پێشم هه‌یه ، که خه‌ریکم کلیپیان بکه‌م
شه‌شیان ئاماده‌یه وچواریان هه‌روا ماوه‌ته‌وه سرودێک له سه‌ر باسی ئێعتیاده‌و
گۆرانی یه‌ک بۆ ئه‌نفال که هه‌ردووکیان شێعری "حه‌سه‌ن ئه‌مینی" یه‌و شێعری
ئه‌نفالیان له سه‌ر داوای خۆم نووسراوه‌ته‌وه و کاک جه‌ماڵ ئه‌مینی پیانیستی به
توانای شاری سه‌قز ئاوازی له‌سه‌ر داناوه که ئه‌گه‌ر ئاماده‌بکرێ کارێکی جوان
ده‌بێت ، ئێستایش زیاتر خه‌ریکی نووسینم و له باری رۆحی یوه نووسینه‌کان زیاتر
ئارام وئاسووده‌م ئه‌کاته‌وه با ئه‌وه‌یش بڵێم ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا شتێکم نووسیبێت
ته‌نیا بۆ ئه‌زموونی نووسینی خۆم بوه‌و به‌س .
تاریفی هونه‌ر له روانگه‌ی جه‌نابته‌وه چێ یه؟
بێ گومان هونه‌ر ئه‌و شته‌یه که ره‌نگ بێ هه‌موو ئینسانه‌کان بۆ ده‌ربڕینی
نیازه‌کانی ده‌روونیان پێویستی یان پێی هه‌یه جا، واهه‌یه جه‌ماوه‌رێک ده‌بنه
هونه‌رمه‌ندوکه‌ره‌سه‌و ئه‌بزاری هونه‌ری و راگه‌یاندیان زووتر وئاسانتر وه‌گیر
ده‌که‌وێ و هه‌ر ئه‌و ده‌سته هونه‌رمه‌نده ئه‌رکی ده‌ربڕینی نیازه‌کانی
کۆمه‌ڵگایشیان وه ئه‌ستۆ ئه‌که‌وێ و له باتی خه‌ڵک ده‌نگ هه‌ڵئه‌بڕن که‌وابوو
مرۆڤ به بێ فه‌رهه‌نگ وهونه‌ر هیچ کاتێک ناگاته لووتکه له مرۆڤایه‌تی دا و بێ
گومان هه‌موو که‌م وکووڕیه کانی کۆمه‌ڵگایش له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ وهونه‌ر له
ئیرتباتدایه.
به‌شه فلکلۆره‌کان له مووسیقاوهونه‌ری ئێمه‌چۆن ده‌بینی و
له سه‌ر کۆکردنه‌وه‌یان چیتان هه‌یه بۆ وتن و بۆ ئه‌وبه‌شه گه‌وره‌یه چی بکرێت
باشه؟
زۆربه‌ی زۆری گه‌لانی دنیایش وه‌ک ئێمه فلکلۆریان هه‌یه‌و ماندووبوونێکی زۆریشی
پێوه ئه‌کێشن هه‌تا له فه‌وتان رزگاری بکه‌ن و به رێک وپێکی بینووسنه‌وه ،
به‌ڵام ئێمه چی ئێمه‌ی کورد که له زۆربه‌ی به‌سه‌رهاته‌کانی ژیانا چ له باری
کۆمه‌ڵایه‌تی و چ له باری به‌شه‌کانی تریه‌وه فلکلۆرێکی هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌ندمان
هه‌یه ، ئایا بۆ ئه‌و به‌شه چیمان کردوه چون باسه‌که‌مان له سه‌ر مۆسیقایه با
هه‌ر ئاماژه به مۆسیقا بکه‌ین و خاڵه لاوازه‌کانی تاو وتوێ بکه‌ین ئه‌وه نیه
مێلودیه کوردیه‌کانمان دوو ده‌ستی ئه‌ده‌ینه ده‌ست گۆرانیبێژه فارسه‌کان و به
شێعرگه‌لێک که به زۆری ئه‌یکه‌نه به‌ر گۆرانیه‌کانمان ده‌یڵێنه‌وه ، یان
جه‌ماعه‌تێک له‌م تازه پێگه‌یشتوانه به شانازی یه‌وه گۆرانی یه کوردیه‌کان
ده‌به‌نه تورکیاوسووریا به ریتمی تورکی و عه‌ره‌بی پێش که‌شیان ئه‌که‌ن دیاره
وای ئه‌تورکێنن و ئه‌ی عه‌ره‌بێنن پیاو ئیتر رووی نیه بڵی ئه‌مه هی منه‌و کوردی
بوه ! ره‌نگ بێ نه‌ک وه‌ک شته‌کانی تر ئه‌وه فلکلۆڕورابردووی ئێمه‌یه مۆسیقامانی
ئه‌مڕۆ له مه‌یداندا زیندوو راگرتوه . بێ گومان ته‌مه‌دون به له به‌رچاوگرتنی
سابیقه‌ی مێژوویی دروست بوه که ئێمه‌یش ئه‌و مێژوه‌مان هه‌یه که تۆ ئه‌وه‌ت له
خۆت گوم کرد ده‌گه‌یته ئاستی خۆ به که‌م زانین وبگره خۆ به هیچ زانین ، که
وایشت زانی بێ فه‌رهه‌نگی و هیچت نیه ئه‌مجار ئه‌که‌وی یه بیری خۆهه‌ڵواسین به
فه‌رهه‌نگێکدا که فڕی به سه‌ر تۆ وه نیه و گه‌لانی تریش بۆ پاراستنی فه‌رهه‌نگی
خۆیان به هه‌موو شێوه‌یه‌ک تێده‌کۆشن که ئێمه‌یش هه‌ر به‌وراده‌یه ده‌بێ
تێ‌بکۆشین که فه‌رهه‌نگه‌که‌مان بپارێزین چون بۆچی ؟ له به‌ر ئه‌وه‌ی کاتێ باسی
مۆسیقایه‌کی جیهانی دێته ئاراوه کاریگه‌ری هه‌موو جۆره موۆسیقاکانی جیهان له
به‌ر چاو ئه‌گیرێت که مۆسیقای ئێمه‌یش له‌و مۆسیقایانه‌یه که له به‌ر
ده‌وڵه‌مه‌ندی بوونی که‌س ناتوانێت چاوی لێ بقووچێنێت.
کاک خه‌لیل روانینتان بۆ مووسیقای پاپ چی یه؟
مۆسیقای پاپ واته مۆسیقایه‌ک بۆ دڵی خه‌ڵک. لایه‌نگرانێکی یه‌کجار زۆریشی هه‌یه
له جیهاندا و هونه‌رمه‌ندانێکی زۆرباشیش ئێستا له دنیادا خه‌ریکی کاری پاپن.
بێ شک هه‌رجۆره مۆسیقایه‌ک له چوارچێوه باسه‌که‌یدا کار بکرێت بوونی له
نه‌بوونی باشتره ئه‌م سه‌بکه مۆسیقایه "پاپ" هه‌روه‌ک هه‌ندێ تر له سه‌بکه‌کان
وه‌ک ، مێتاڵ، ره‌پ ، بلۆز خاوه‌نی ناسنامه‌ی خۆیانن وته‌نانه‌ت له باری سیاسی
وکۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه کاریگه‌ری یه‌کی باشی هه‌بوه. ئه‌گه‌ر هه‌ندێ بگه‌ڕێینه‌وه
بۆ دواوه ، بۆ وێنه ده‌توانین ناوی گرووپی "بیتل ها" بێرین که یه‌کێک له
باشترین و گه‌وره‌گرووپه‌کانی پاپ له ئه‌مریکادا بوه که له مێژووی مۆسیقایی
ئه‌و وڵاته ناویان ناسڕێته‌وه و کاریگه‌ری سه‌یریان له خۆیان به جێهێشتوه .
به‌ڵام مۆسیقای پاپ له ئێران‌دا به داخه‌وه جیا له خه‌ڵک و رووداوه‌کانی
کۆمه‌ڵگا هه‌نگاو ده‌نێت و زیاتر کۆمه‌ڵگا به لارێ‌دا ده‌با ، که به‌داخه‌وه
هه‌رئه‌م گرفته ئه‌و شێوه مۆسیقای له سه‌ر هێڵه‌که‌ی دوورخستوه‌ته‌وه‌وشانی پێ
کز کردوه وئاسته هونه‌ری یه‌که‌ی نزم کردۆته‌وه.
جه‌نابت وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی مۆسیقایی ئه‌م بازاڕه‌ی مووسیقا ئه‌مڕۆکه چۆن
ده‌بینی؟
کاتێ ده‌فه‌رمووی بازاڕی مۆسیقا ، ئه‌م شپرزه‌ییه ته‌نیا بۆ مۆسیقای کوردی نیه
به‌ڵکوو بۆ مۆسیقای هه‌موو ئێرانه ، گه‌ربڕێ به‌ربڵاوتر له‌وباره‌وه بدوێین ده‌بێ
بڵێم : له هه‌موو ده‌وره‌کاندا هه‌روابوه که جه‌ماوه‌رێک هونه‌ر له به‌ر
خزمه‌تکردن ئه‌نجام ناده‌ن ، به‌ڵکوو بڕێ جار له به‌ر رابواردن و بڕێ جاریش له
به‌ر نان و ناوه‌که‌ی ، جا که وابوو بۆیان گرنگ نیه چۆن کار بکه‌ن یان ئه‌وه‌ی
که هونه‌ری میلله‌ته‌که‌یان چی به‌سه‌ردادێت . خۆیشیان نازانن که ئه‌وانه‌ن که
به‌هێزترین زه‌ربه ئه‌ده‌ن له گورچیله‌ی میلله‌ته‌که‌ی خۆیان . به داخه‌وه
ئێمه له لای خۆمان هه‌رکات له گه‌ڵ فه‌رهه‌نگێکی دیکه‌دا رووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه
خێرا ویستوومانه وه‌ک شه‌کره‌که چۆن له چایی دا ده‌توێته‌وه خۆمان له گه‌ڵ
ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌دا حه‌ل ده‌که‌ین !! له حاڵێکدا ده‌توانین به جێی ئه‌وکاره
له‌سه‌ر ئه‌وان کاریگه‌ریشمان ببێت که‌چی ده‌بینین پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته روو ئه‌دا
. هه‌روه‌ها له لای خۆمان زۆر مۆسیقا‌و گۆرانی کار ده‌کرێت که به داخه‌وه
هه‌ڵگری هیچ په‌یامێک نیه و خاوه‌نی هیچ بیروباوه‌ڕێک نیه ، به‌ڵکوو ته‌نیا وه‌ک
شتێکی مه‌سره‌فی بۆ مه‌سره‌فی رۆژانه یان مانگانه‌یه ئه‌م باسه ته‌نیا بۆ به‌شی
مۆسیقا نیه به‌داخه‌وه له هوموو هونه‌ره‌کانی تریشدا به‌رچاوده‌که‌وێت که
هه‌بوونی وه‌ها هونه‌رێکیش کۆمه‌ڵگا به گه‌ندپه‌سه‌ندی رادێنێ و فێری ده‌کا که
ته‌نیا چێژ له کارگه‌لێک وه‌ربگرێت که ئاستی هونه‌ری زۆر له خواره‌وه بێت .
جا که‌وا بوو لێره‌دا راده‌ی شاره‌زایی ودابه‌ش کردنی
هونه‌رمه‌ندان به چه‌ند جۆر دێته ئاراوه تۆیش پێت وانیه ؟
به‌ڵێ وایه هونه‌رمه‌نده‌کان به چه‌ن به‌ش دابه‌ش ده‌کرێن ، یه‌که‌م ئه‌وانه‌ن
که ته‌نیا ساز لێده‌ده‌ن وچاکیشی لێده‌ده‌ن به‌ڵام هیچ چه‌شنه بیروبۆچونێکی
باشیان نیه ، دووهه‌م ئه‌وانه‌ن که مامۆستا وشاگردیش پێش که‌ش ده‌که‌ن به‌ڵام
ته‌نیا له ده‌وروبه‌ری یه‌ک جۆره مۆسیقادا وباوه‌ڕێکی به‌ربڵاوتروجیهانی یان
له‌سه‌رمۆسیقا نیه ، هه‌ر بۆیه شاگرده‌کانیشیان له‌وچوارچێوه داڕژاوه‌دا
ده‌مێننه‌وه وکه‌متر سه‌رکه‌وتوو ده‌بن. سێهه‌م ئه‌وانه‌ن که چاک سازلێده‌ده‌ن
وژه‌نیاری په‌نجه ره‌نگینن زۆربه‌باشیش شاگرد په‌روه‌رده ئه‌که‌ن بیروبۆچوونیان
به‌ربڵاوه‌و شاگرده‌کانیشیان رادێنن هه‌تا له سه‌ر زۆرینه‌ی رووداوه‌کانی جیهان بێ
هه‌ڵوێست نه‌بن وزۆر شتی دیکه . هه‌شن له‌و به‌ناو هونه‌رمه‌ندانه‌ی که ره‌نگ بێ
ته‌نانه‌ت شێعری گۆرانی یه‌کانیشیان که‌سانی دیکه بۆیان هه‌ڵبژێرن که من هیوادارم
مۆسیقای ئێمه نه‌که‌وێته ده‌ست ئه‌وانه‌ی ئاگایان له مه‌حمووی بێ زه‌وا نیه!!.
هه ندێک له مۆسیقای لای خۆمان و شێوه کار کردینان بدوێ
تکایه؟
راستی یه‌که‌ی شێوه‌کار کردنی مۆسیقا کاره‌کانی ئه‌م شاره‌م زۆر به‌دڵ نیه
به‌سه‌دان هۆوه ، به باوه‌ڕی من ئه‌گه‌ر مامۆستاکان شاگرده‌کانیان له گه‌ڵ
فه‌رهه‌نگ وهونه‌ر له کورده‌واریدا و له ئێران‌دا ئاشنا نه‌که‌ن هیچ چه‌شنه
پێشکه‌وتنێک له هونه‌رداو له باری فه‌رهه‌نگی یه‌وه به ده‌ست نایه‌ت که ده‌ڵێم
ریشه باسی سوننه‌ته‌کان ده‌که‌م هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم باوش کردن به رابردوودا نیه
به‌ڵکوو له پاڵ ئه‌وه‌ی که ده‌بێ نه‌هێڵن رابردوومان بفه‌وتێت هاوکات ده‌بێ له
عیلم وپێشکه‌وتنی ئه‌مڕۆیش نه‌که‌وینه دواوه تکنیک وعیلمی ئه‌مڕۆ ئاوێته‌ی
کاره‌کانمان بکه‌ین چون ته‌نیا له‌و رێگه‌وه ئه‌توانین ده‌نگمان به هه‌موو جیهان
رابگه‌یه‌نین وته‌نانه‌ت ئه‌و ئاهه‌نگانه‌یشمان که فلکلۆڕن و ته‌نیا چه‌ن نۆت یان
هه‌یه له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌ربازبکه‌ین و بی رازێنینه‌وه که ئه‌مه‌یش
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستاکانمان چه‌نده توانایی و شاره‌زایی یان له
بواری مۆسیقادا هه‌یه چون پێمان خۆش بێ وناخۆش بێت هه‌ر هونه‌رێک له چوارچێوه‌ی
ئاکادیمیدا نه‌وترێته‌وه وه‌ک ئاوێکی لێدێت که له شوێنێکدا بمێنێته‌وه که
ئاخری ده‌گه‌نێت.
باشترین رێگای گوێ شل کردن بۆ گۆرانی و مۆسیقا چیه وخه لکی لای ئیمه چۆن گوێ ئه
گرن بۆ مۆسیقا و گۆرانی؟
گوێ شل کردن بۆ مۆسیقا‌و گۆرانیش بیروباوه‌ڕی ده‌وێ جا هه‌رچی مۆسیقا‌و گۆرانی یه‌که
پوخته تر وئاستی هونه‌ری یه‌که‌ی له سه‌رتره‌وه بێ ، هاوکات بیروباوه‌ڕی
پوختریشی ده‌وێ واته زانینی تایبه‌ت به‌خۆی و ده‌رکی پێویستی ده‌وێ به ڵام به
داخه‌وه له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌و شێوه گوێ شل کردن و بینینه که‌متره‌و
هه‌روه‌ک پێشتریش باسمان کرد زیاتر خه‌ڵک چون رانه‌هاتون گوێ هه‌ڵ ئه‌خه‌ن بۆ شتی
ئاسان و بێ ده‌ردی سه‌ری بیرکردنه‌و خۆ ماندووکردن ! تۆ وڵاتێکی وه‌کوو فه‌رانسه
چاو لێبکه یانی تۆ چون به‌رپرسانیان کارده‌که‌ن بۆ هونه‌رو مۆسیقایان ساڵانه به
ده‌یان گرووپ له‌ملاولاوه بانگهێشتن ده‌که‌ن هه‌رگرووپێک له ناوچه‌یه‌کی
وڵاته‌که به‌رنامه پێش که‌ش ئه‌کات دیاره ئه‌مه ئاستی روانینی خه‌ڵک بۆ مۆسیقا
ئه‌باته سه‌ره‌وه‌و ده‌توانن چاک وخراپ له‌یه‌ک بکه‌نه‌وه ئه‌وه یانی فه‌رهه‌نگ
سازی لانی که‌م بۆ بیستن که هیوادارم رۆژێک له رۆژان ئێمه‌یش وه‌ها کارگه‌لێک
ببینین و ئاستی هونه‌ری مۆسیقامان بڕواته سه‌رێ و هه‌ر به‌و‌پێیه‌ش چاوه‌ڕوانی و
روانینی خه‌ڵکیش به‌ربڵاوتر بێته‌وه .
حه‌زده‌که‌ین بزانین له بواری هونه‌روله نووسیندا کێ
یارمه‌تی ده‌روهاوبیرت بوه ؟
باوکی من "حاجی حه‌سه‌ن سه‌عیدی" به ره‌حمه‌ت بێ پیاوێکی نه‌خوێنده‌وار بوو به‌ڵام
به پێی هه‌ل ومه‌رجی خۆی به پێی ئه‌وه‌ی له ناوه‌ڕاستی شار واته به‌ر سینه‌ما
قاوه‌خانه‌ی بوو وزۆرکه‌سی ئه‌دی و ئه‌دواند یه‌کجار پوخته‌و رێک وپێک و ده‌روونناس
و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌که‌مان بوو ، که من هه‌رچیم هه‌یه و ئه‌یزانم له
یارمه‌تیه‌کانی ئه‌و پیاوه گه‌وره‌و دایکمه‌وه‌یه که ئێسته له خزمه‌تیام
بنه‌ماڵه‌که‌یشم خراپ نین به‌ڵام یارمه‌تی ده‌رم نین ، دۆستانیشم له ده‌ره‌وی ماڵ
هه‌موویان هونه‌رمه‌ندو به توانان که زۆربه‌یان به ره‌خنه‌گرتنیش بوه هانده‌رم
بون.
چیت پێ خۆشه ، چیت پێ ناخۆسه ، ئایا مردن له‌و شتانه
هه‌یه که لێی بترسێیت؟
شته خۆشه‌کانی ژیانم زۆر که‌من ، له مردنیش ناترسم به‌ڵام ناوه‌که‌ی جۆرێکه که
پیاو ئه‌خاته فکره‌وه بێ گومان وه‌ک له دایک بوون هه‌یه مردنیش هه‌یه و منیش
باوه‌ڕم به‌وشته کردوه که وابوو مردن جێی ترس نیه چون زۆرجار ده‌مرم وزیندوو
ده‌به‌وه .
تاڵترین و شیرین ترین بیره‌وه‌ریه‌کانت له ژیانی
کۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریت چین؟
ساڵی 1384 هه‌تاوی ، تاریکترین ساڵی هه‌موو ژیانمه تاکوو ئێسته ، له‌و ساڵه‌دا
گه‌وره پاڵپشتم که باوکم بوو له‌ده‌ستم دا‌و کۆچی دوایی کرد که له مردنی
هه‌ڵه‌بجه به‌ملاوه هیچ کات ئه‌وه‌نده نه‌گریاوم هه‌ر مانگێک دوای ئه‌و رووداوه
تاڵه له خێزانێشم جیابوومه‌وه. شیرین‌ترین بیره‌وه‌ریشم ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی
1375 ی هه‌تاوی که له سلێمانی له گه‌ڵ مامۆستا ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی مۆزیسیونی
به ناوبانگی کورد یه‌ک دوو ئاهه‌نگم بۆ که‌ناڵی کوردسات تۆمار کرد که من ئه‌وده‌م
یه‌که‌م سه‌قزی بووم له که‌ناڵی کورساته‌وه گۆرانیم وتوه‌و قه‌ت له بیرم
ناچێته‌وه.
ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کت هه‌یه بۆ کۆتایی بیفه‌رموو؟
ته‌نیا سپاس بۆ ماندوو بوونی به‌ڕیزتان که هه‌میشه ده‌ته‌وێ کارێکی بێ پاداش و
به‌که‌ڵک بکه‌ی .
ئاماده‌کردنی حه‌سه‌ن ئه‌مینی